ماڵەوە.پەیوەندی .ئەرشیف.هه‌یکه‌لی ئیداری
English. کوردی
Javascript DHTML Drop Down Menu Powered by dhtml-menu-builder.com Javascript DHTML Drop Down Menu Powered by dhtml-menu-builder.com

گه‌وره‌ترین کۆمپانیای بواری‌ نه‌وت له‌ جێهاندا دێته‌ هه‌رێم


12 / 11 / 2011


کۆمپانیای ئیکسۆن موبیل له‌نێوان گه‌وره‌ترین شه‌ش کۆمپانیا جیهانیه‌که‌ی بواری نه‌وت و غاز که‌ به‌ (سوپه‌ر مه‌یجه‌ر) ناسراون، وه‌کو پێشه‌نگ پله‌ی یه‌که‌می تۆمارکرد له‌ هاتن بۆ هه‌رێمی‌ کوردستان و ئه‌نجامدانی کاری دۆزینه‌وه‌ له‌ کێڵگه‌کانی هه‌رێم.

هاتنی ئه‌م کۆمپانیایه‌ بۆ کوردستان، به‌بروای چه‌ند شاره‌زایه‌ک، به‌ ئاماژه‌یه‌کی گرنگ داده‌نرێت له‌ به‌ره‌وپێشچوونی هه‌رێمی کوردستان له‌بواری نه‌وت و غازدا. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌گه‌ری دروستکردنی کێشه‌ ده‌کرێت له‌لایه‌ن حکومه‌تی ناوه‌ندیه‌وه‌ بۆ کۆمپانیاکه‌و لێسه‌ندنه‌وه‌ی مافی کارکرن له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق‌.

به‌گوێره‌ی لێدوانی ڕاوێژکارێکی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، ئیکسۆن موبیل (گه‌وره‌ترین کۆمپانیای نێوده‌وڵه‌تی بواری نه‌وت) گرێبه‌ستی له‌گه‌ڵ حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان مۆرکردووه،‌ بۆ ئه‌نجامدانی کاری دۆزینه‌وه‌ بۆ نه‌وت و غاز له‌ هه‌رێمدا.

مایکڵ هۆوه‌رد، ڕاوێژکاری حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، له‌ لێدوانێکیدا بۆ گۆڤاری فاینانشیاڵ تایمز ده‌ڵێت:"له‌ماوه‌ی چه‌ند مانگی ڕابردوودا حکومه‌تی هه‌رێم له‌ گفتوگۆدابووه‌ له‌گه‌ڵ کۆمپانیا جیهانیه‌کانی بواری نه‌وت بۆ ئه‌وه‌ی له‌ کوردستان کاربکه‌ن که‌ له‌ئه‌نجامی ئه‌و گفتوگۆیانه‌ش گه‌یشته‌ ڕێکه‌وتن له‌گه‌ڵ ئیکسۆن موبیل بۆ ئه‌نجامدانی کاری دۆزینه‌وه‌ له‌ شه‌ش بلۆکی جیاوازدا".

که‌سێکی تری ئاگادار له‌ گرێبه‌سته‌که‌و شاره‌زا له‌ بواره‌که‌ که‌ نه‌یویستووه‌ ناوی بڵاوبکرێته‌وه‌ ، ئاماژه‌ به‌ ئه‌وه‌ده‌کات‌ که‌ حکومه‌تی ناوه‌ندی له‌ ڕێکه‌وتنه‌که‌ی نێوان ئیکسۆن موبیل و حکومه‌تی هه‌رێم ئاگادارکراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام کۆمپانیاکه‌ تا ئێستا به‌شێوه‌یه‌کی ڕه‌سمی هیچ لێدوانێکی له‌وباره‌یه‌وه‌ نه‌داوه‌.

ژماره‌یه‌ک کۆمپانیای سه‌ربه‌خۆی نه‌وت و غاز له‌ناویشیاندا کۆمپانیا ئه‌مریکیه‌کانی ماراپۆن ئۆیل و هێس له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دوایدا هاتوونه‌ته‌ کوردستان ئه‌مه‌ش به‌هۆی ده‌وڵه‌مه‌ندی هه‌رێمی کوردستان به‌ سه‌رچاوه‌ی هایدرۆکاربۆن که‌ بڕی نه‌وته‌که‌ی به‌ (45) بلیۆن به‌رمیل و له‌نێوان (100) هه‌زار بۆ (200) هه‌زار بلیۆن مه‌تر سێجا غاز ده‌خه‌مڵێنرێت.

تا ئه‌و ماوه‌یه‌ش، کۆمپانیا نێوده‌وڵه‌تیه‌کانی وه‌کو ئێکسۆن، بی پی و، ڕۆیاڵ ده‌چ شێڵ خۆیان به‌دوور گرتبوو له‌ مۆرکردنی گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ئه‌مه‌ش به‌هۆی ناکۆکیه‌کانی نێوان ناوه‌ندو هه‌رێم، که‌ حکومه‌تی ناوه‌ندی گرێبه‌سته‌کانی حکومه‌تی هه‌رێمی له‌گه‌ڵ کۆمپانیا بیانیه‌کان به‌ نایاسایی له‌قه‌ڵه‌م داوه‌.

له‌ ئێستادا، ئیکسۆن موبیل له‌ باشوری پارێزگای به‌سره‌ کارده‌کات و ڕۆژانه‌ بڕی (2.825) ملیۆن به‌رمیل نه‌وت به‌رهه‌م ده‌هێنێت، که‌ به‌ڕای شاره‌زایان کاره‌کانی ده‌خاته‌ مه‌ترسییه‌وه‌ به‌هۆی مۆرکردنی گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ حکومه‌تی هه‌رێم و ره‌نگه‌ حکومه‌تی ناوه‌ندی مافی کارکردنی له‌ کێڵگه‌ نه‌وتییه‌کانی سه‌ربه‌ به‌غدا لێ بستێنێته‌وه‌.
عه‌بدولمه‌هدی ئه‌لعه‌میدی، به‌ڕێوه‌به‌ری گرێبه‌سته‌کانی نه‌وت و مۆڵه‌ت له‌ وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق له‌ لێدوانێکیدا بۆ ڕۆیته‌رز ده‌ڵێت" حکومه‌تی به‌غدا سێ نامه‌ی  ئاراسته‌ی ئیکسۆن موبیل کردووه‌ له‌ مانگی ڕابردوودا، که‌ ناوه‌ڕۆکی نامه‌کان ئاشکران و مۆرکردنی هه‌ر گرێبه‌ستێک له‌گه‌ڵ حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان به‌بێ په‌سه‌ندکردن و ئاگاداری حکومه‌تی ناوه‌ندی و وه‌زاره‌تی نه‌وت به‌ نایاسایی داده‌نرێت".

عه‌بدولمه‌هدی له‌ درێژه‌ی قسه‌کانیدا ده‌ڵێت" به‌گوێره‌ی یاسای عێراق ده‌کرێت کۆمپانیاکه‌ بێبه‌ش بکرێت له‌ کارکردن له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی گرێبه‌سته‌کانی له‌گه‌ڵ حکومه‌تی ناوه‌ندی و وه‌ستاندنی کاره‌کانی".

ڕیچارد ساڤه‌ج، شیکه‌ره‌وه‌ له‌ میراباود سێکیوریتیز، ئاماژه‌ به‌ ئه‌وه‌ده‌کات که‌ ئه‌گه‌ربێت و مۆرکردنی گرێبه‌سته‌که‌ پشتڕاستبکرێته‌وه‌ ئه‌وه‌ گۆڕانکارییه‌کی کاریگه‌ر ده‌رده‌خات له‌ بۆچون و سیاسه‌تی کۆمپانیا جیهانیه‌کان بۆ کارکردن له‌ هه‌رێمی کوردستان که‌ له‌مه‌وپێش خۆیان به‌دور گرتووه‌ له‌ ئه‌نجامدانی.
ڕیچارد له‌ درێژه‌ی قسه‌کانیدا ده‌ڵێت"هاتنی ئیکسۆن موبیل پێشکه‌وتنێکی گه‌وره‌ نیشانده‌دات له‌ بواری نه‌وت و غازدا له‌ هه‌رێمی کوردستان و له‌ هه‌مووشی گرنگتر ده‌ریده‌خات که‌ ناکۆکیه‌ سیاسیه‌کانی به‌رده‌م یاسای نه‌وت و غاز به‌ره‌و چاره‌سه‌ر ده‌چن".

یاسای نەوت و غاز یەکێک  بووە لە ڕێگریەکانی بەردەم بەرەوپێش چوونی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی بەغداو، هەندێک جاریش کورد هەڕەشەی کشانەوەی کردووە لە حکومەتی عێراقی کاتێک ویستوویەتی بەشێوەیەکی تاکلایەنە ڕەشنوسی یاساکە تێپەڕێنێت و لەو ڕێگەیەشەوە داهات و سەرمایەگوزاری نەوتی هەرێم قۆرغ بکات.

به‌ڵام دوای سه‌ردانی به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆکی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان بۆ به‌غداو ئه‌نجامدانی دانوستان و کۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ نوری مالیکی و چه‌ند لایه‌نێکی تری حکومه‌تی ناوه‌ندی هیوای گه‌یشتن به‌ چاره‌سه‌ر ده‌رکه‌وت و کارانه‌وه‌ی دڵخۆشکه‌ری به‌دوای خۆیدا هێنا.

دوای ئه‌وه‌ش، حكومه‌تی‌ عێراق ئاشكرایكرد که‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی‌  هه‌رێمی‌ كوردستان رێككه‌وتووه‌،  كه‌ ره‌شنو‌وسی‌ پرۆژه‌یاسا كۆنه‌كه‌ی‌ نه‌وت‌و غازی‌ ساڵی‌ (2007) پێشكه‌ش به‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق بكرێت.

فازڵ غه‌زبان، سه‌رۆكی‌ ده‌سته‌ی‌ راوێژكارانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانی‌ عێراق له‌ لێدوانێكی‌ تایبه‌تدا به‌ ئاكانیوزی‌ راگه‌یاند: حكومه‌تی‌ ناوه‌ند له‌گه‌ڵ وه‌فده‌كه‌ی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا رێككه‌وتووه‌، كه‌ پشت به‌و ره‌شنو‌وسی‌ پرۆژه‌یاسایه‌ی‌ نه‌وت‌و غاز ببه‌سترێت كه‌ مانگی‌ (شوبات)ی‌ ساڵی‌ (2007) ئاماده‌كراوه‌. وتیشی‌:"هه‌ردوولا پێش كۆتایی‌ ئه‌مساڵ دانوستان ده‌كه‌ن له‌باره‌ی‌ پرۆژه‌یاساكه‌وه‌".
جالاکییەکان

منداڵان

جالاکییەکان

وه‌رزشی

جالاکییەکان

خێرخوازی