رۆژی هەینی، 27-3-2020، هەڵمەتی گەیاندنی 5000 سەبەتەی خۆراك بەهاونیشتمانیان، لە شارەزوور و هەڵەبجەو هەورامانەوە دەستی پێكرد، كە لەلایەن گروپی كۆمپانیاكانی بەرێز بەهاوكاری ڕێكخراوی خێرخوازی خەڵك و تۆڕی میدیایی خەڵك، ئەنجام دەدرێت.
لەمبارەیەوە، یاسین مەحمود ڕەشید، سەرۆكی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی گروپی كۆمپانیاكانی بەڕێز، ڕایگەیاند، بەهۆی ئەم دۆخەی هاووەتە پێشەوە، هەڵمەتێكی نیشتمانی لەلایەن كۆمپانیاكان و سەرمایەدارانەوە دەستی پێ كردووە، چونكە بەداخەوە لەم دۆخەدا چینی ناوەند، كە كاسبكار و پیشەوەرانن بێكارن، بۆیە ئێستا زۆرن ئەوانەی پێویستیان بە هاوكاری هەیە.
وتیشی، “ئەمە ناونانێین خێر و چاكە لەگەڵ خەڵك، بەڵكو بەپشتیوانی خودا ئەم دۆخە تێدەپەڕێنین و سەرمایەدارەكانیش بە گیانی بەرپرسیاریەتییەوە مامەڵ بكەن و شان بدەنە بەر دۆخەكە و بەشداربین لەگەڵ هاووڵاتیان و خەمێكی هاووڵاتیان كەم بكەینەوە”.
پێشتر، خاوەنی گروپی كۆمپانیاكانی بەڕێز لە ڕاگەیەنراوێكدا ڕایدەگەیاندبوو:” بەهاوكاری براكانم، لەسەرەتای هەفتەی داهاتووەوە، هەڵەمەتێكی فراوانی گەیاندنی خۆراك و پێویستی ڕۆژانە لەقەزا و ناحیەكان پاشان دێهاتە دوورە دەستەكان دەست پێدەكەین”.