پشێوی كاری ڕۆژنامەنووسی لە سەردەمی سۆشیال میدیادا
وەڵامێك بۆ ئەو كاكی ڕۆژنامەنووسەی كە شارەزای یاساكەی خۆشی نیە
١ - پرسیار ئەوەیە ئەگەر جەنابت ڕۆژنامەنووسی، مەبەستت كاری رۆژنامەنووسیە، وە تاسەر ئێسقان كۆمپانیای بەرێز بە كۆمپانیایەكی گەندەڵكار دەزانیت وەك خۆت دەڵێیت، جێی خۆیەتی بینەر و خوێنەری سۆشیال میدیا ئەو پرسیارەت لێ بكەن ئەرێ خێرە چەندین جار سەردانی كۆمپانیای بەرێزت كردووە ؟ ئەمە لە كاتێكدا خۆشت ناتوانی ئینكاری ئەو سەردانانە بكەیت، چونكە لەو پۆستەی كە لە بەرواری (8/9/2022) كردووتە خۆت داندەنێی بەوەی كە چویتە كۆمپانیای بەرێز و هەموو دانیشتنەكانت ریكۆرد كردووە!.
لێرەدا جێگەی خۆیەتی بپرسین كاكی ڕۆژنامەنووس جەنابت كارت چیە، وە بە چ مەبەستێك ئەو چەند جارە سەردانی كۆمپانیای بەرێزت كردووە؟ وەك خۆت دەڵێیت چویتەتە ئەو كۆمپانیایەی كە گەندەلكارەو ئیفلاسی پێدەهێنیت!.
لە لایەكی تر، چۆن ماف بە خۆت دەدەیت كە دەنگی خەڵك تۆمار بكەیت وەك خۆت دەڵێیت "مامە گیان هەمویم تۆماركردووە" ئایا ئەمە كاری رۆژنامەگەریە ؟!.
بەلام ناهەقت ناگرین تۆ لە كاتێكدا شارەزای یاساكەی خۆت نەبیت چۆن زانیاریت دەبێت لە یاسا بەركارەكانی تر لە ناویشیاندا (یاسای ژمارە (6) ی ساڵی 2008 یاسای قەدەغەكردنی خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیكردن لە هەرێمی كوردستان ـ عیراق)، كە تۆماركردنی دەنگ بە بێ ئاگاداری و ڕەزامەندی لایەنی بەرامبەر بە تاوان داناوە .
٢ - كێشەكە ئەوەیە لەم بێ سەرەو بەرەییەی دنیای سۆشیال میدیای ئەمرۆدا كەسانی وا پەیدا دەبن كە خۆیان بە ڕۆژنامەنووس ناوزەند دەكەن لە كاتێكدا نەك ڕۆشنبیری یاساییان نیە بەگشتی بەڵكو تەنانەت ئاگاداری ئەو یاسایەش نین كە پیشەكەیانی رێكخستووە ئەگەر نا ئەوەتا ئێوە دوای ئەوەی دادگا بریاری ئازادكردنی دان بە كفالەت، وای پیشان دەدەن كە دادوەرەكان شارەزا نین بەپاساوی ئەوەی كە ئێوە هەر كارێك بكەن و هەر بابەتێك بڵاو بكەنەوە پێویستە بە تەنها لە چوارچێوەی یاسای رۆژنامەگەریدا لێپرسینەوەتان لەگەڵدا بكرێت لە كاتێكدا ئەگەر بگەرێینەوە بۆ برگەی (4) ماددەی (9) لە یاسای رۆژنامەگەری مافی داوە بە داواكاری گشتی و زیان پێگەیشتوو (المتضرر) كە سكاڵا بە پێی یاسا تۆمار بكات لەسەر ڕۆژنامەنووسان ئەمە جگە لە بری ئەو غرامەیەی كە لە یاساكەدا دەیسەپێنێت بە سەر رۆژنامەنووسدا جگە لەوەش بە پێی ماددەی (4) برگەی (2) لە هەمان یاسادا سەنووسەر و نووسەری هەر بابەتێك بەرپرسیارێتی مەدەنی و سزایی ئەو بابەتەیان لە ئەستۆدایە كە بڵاوی دەكەنەوە.
بۆیە دەبێت بزانیت كاری ڕۆژنامەگەری ڕاستە كارێكی سەربەخۆیە، بەڵام دەبێت لە چوارچێوەی یاسا و رێزگرتنی ماف و ئازادیە تایبەتیەكاندا بێت، سەیر ئەوەیە كاتێك بە كەفالەت ئازاد كرایت وەك پاڵەوان خۆت نیشان دەدەیت و لە پۆستی بەرواری (29/9/2022) لە ئەكاونتی خۆتەوە دەڵێیت ("گرفتی ئێمە دوای سیاسیەكان دادوەرەكانە، چونكە بەجدی دادوەرەكان ناحاڵین لە پرسی سەحافە ئەسڵەن گوێشی پێنادەن، یانی زۆر سەیرن كە ئەتبینن ئەڵێی دوژمن ئەبینن قسەیەكی زۆر سەیر ئەوەیە كە ئەڵێن بۆ ئیشی وا ئەكەیت تۆ چیت داوە لەوە شت لەسەر خەڵك بنوسیت.. تیااح)!! " .
دادگا و دادوەر بە ناحاڵی ناودەبەیت هۆكارەكەشی ئەوەیە كە تۆو هەندێك بە ناو ڕۆژنامەنووس هەر شتێك بە مێشكتاندا بێت بەبێ بیركردنەوەو بەبێ ئەوەی بزانن ئەو نووسینە یان ئەو وتەیە لە ڕووی یاساییەوە توانج و ناوزراندنی تێدایە یاخود نا، ڕاستەوخۆ بڵاوی دەكەنەوە.
ئەوەش بزانە ئاگادارین كە پۆستەكەت زیاتر لە(8) هەشت جار (EDIT) كردووە و دەستكاری ناوەرۆكی پۆستەكەت كردووە.
٣ - برادەر، كاری ڕۆژنامەنووسی بریتیە لە (كۆكردنەوەو بڵاوكردنەوەی زانیاری ڕووداوە هەنووكەیەكان) نەك ئیفلاسكردن بە خەڵك، جارێ تۆ كێیت تاوەكو ئیفلاس بە خەڵك بكەیت؟ ئەمەیە كاری ڕۆژنامەنووسی؟ وەك لە پۆستی (8/9/2022)كە دەڵێیت ؛"من دەڵێم تا ئیفلاست پێدەكەم".
كەسانی ژیر ئەگەر بە لۆژیك بیر لە پۆستەكانت بكەنەوە بە ڕوونی مەبەستی تۆیان لە پشت ئەم پۆستانەوە دژ بە مەلا یاسین بۆ دەردەكەوێت.
٤ - كاكی ڕۆژنامەنووس تۆ دادگاكان بە چی دەزانیت كە لە پۆستی (29/9/2022) دا دەڵێیت تا ئەو پەری رادە سوكایەتیمان پێكرا لە دادگا، ئایا دادگا شوێنی سوكایەتی پێكردنە یاخود شوێن و جێگەی یەكلاكردنەوەی كێشەی هاووڵاتیانە، سەیر لەوەدایە هەر بەوەوە ناوەستیت و زمانت دەگات بە دادوەرەكان وە پێیان دەڵێیت ناحاڵین سەبارەت بە یاسای رۆژنامەگەری یاخود وتەكانی دادوەر بە مەهزەلە ناو دەبەیت و دەڵێیت ("مەهزەلەترین قسە ئەوەیە بە ڕۆژنامەنوس بڵێیت بۆ شت لەسەر خەڵك ئەنوسیت ..! كاكی من تۆ دەسەڵاتی سێ بیت منیش دەسەڵاتی چوارەم و كاری خۆمان ئەكەین ...!").
گرفتی هەموو ئەمانەی تۆ ئەوە دەگەیەنێت كە بێ ئاگایت لە كاری ڕۆژنامەنووسی و یاسا پەیوەندیدارەكان، وەك خۆت بێ ئاگایت، پرس و راوێژیش بە كەسانی تر ناكەیت، وە ئەم نوسینانەت لەسەر دادگا و دادوەرەكان بە تەنها بەسە كە سزایەكی وا بدرێیت قەد لە بیرت نەچێتەوە.
جگە لە هەموو ئەمانەش ئادەی پێمان بڵێ بە پێی چ دەستوور و یاسایەك لە عێراقدا جەنابت دەسەڵاتی چوارەمیت، لە كاتێكدا كاری ڕۆژنامەوانی لەبەر گەورەیی و ئەو ڕۆڵە گرنگەی كە لە كۆمەڵگادا هەیەتی دەستەواژەی دەسەڵاتی چوارەمی خراوەتە پاڵ لە لایەن هەندێك لە زانا و بیرمەندانەوە ئەگەر نا ئەو بابەتە بە فعلی لە چوارچێوەی دەستوور و یاسا كارپێكراوەكاندا بوونی نیە.
ڕاگەیاندنی گروپی کۆمپانیاکانی بەڕێز