سەرلەبەیانی ئەمڕۆ 4شەمە، لەهۆتێل ڕامادا لە شاری سلێمانی، كۆڕبەندی ئابووری، نێوان كۆمپانیاكانی هەرێم و توركیا لەلایەن كۆمەڵەی پیشەسازان و خاوەنكارانی نێودەوڵەتی بەڕێوەچوو، كە تیایدا، ژمارەیەكی زۆر لە خاوەنكار و كۆمپانیا و كارخانەكانی وڵاتی توركیا بەشدار بوون تیایدا.
مەبەستی كۆڕبەندەكە، كاری هاوبەش و پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەكانی نێوان هەرێم و توركیا بوو.
لەمبارەیەوە، یاسین رەحیم، جێگری سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی رایگەیاند: ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی بە هاوكاری كۆمەڵەی پیشەسازان و خاوەنكارانی نێودەوڵەتی لەشاری سلێمانی توانیان كۆڕبەندێكی بازرگانی ئەنجام بدەن، كە لەكۆڕبەندەكەدا ٤٠ كۆمپانیا لەووڵاتی توركیاوە بەشداریانكردووە لەگەڵ كۆمپانیا ناوخۆییەكانی شاری سلێمانی لەنزیكەوە یەكتریان بینیوە و توانیویانە گرنگی بەكاری هاوبەش بدەن .
وتیشی؛ ئەم كۆڕبەندە لەدوای ئەوە هات، كە كۆمپانیا ناوخۆیەكانی هەرێمی كوردستان سەردانی مێرسینیان كردبوو.
كۆمپانیا بەشدارەكان لە بواری خۆراكی و پیشەسازی و كشتوكاڵی پاكەرەوە و جوانكاری و كۆزماتیك بوون.
هاوكات، نەواف كیلیچ، سەرۆكی گشتی كۆمەڵی پیشەسازان و خاوەنكارانی نێودەوڵەتی، ڕایگەیاند: ئەو پەیوەندیانەی هەمانە لەگەڵ بازرگانان و خاوەن كارانی هەرێمی كوردستان دەمانەوێت بەهێزتریان بكەین.
وتیشی، توانیومانە چل كۆمپانیای جۆراوجۆر بهێنێنە شاری سلێمانی تا بتوانین كاری هاوبەشی بازرگانی و پیشەسازی دروست بكەین لەنێوانمان.
ناوبراو ئاشكرایكرد، كار دەكەین بۆ ئەوەی ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە گەڵ عێراق بەرز بكەینەوە بۆ ٥٠ ملێۆن دۆلار.
هەر لە كۆڕبەندەكەدا، كە هەڤاڵ ئەبوبكر، پارێزگاری سلێمانی ئامادەیبوو ڕایگەیاند: لەم جۆرە كۆبونەوانەدا بازرگانانی هەردولا ئاشنادەبن بەكاری یەكتری و پەیوەندی بەهێز دروست دەكەن و توانیومانە لەپارێزگای سلێمانیدا بازرگانی لەگەڵ هەموو وڵاتاندا بكرێت، چاوكراوەی بازرگانەكانمان وایكردووە، پەیوەندی بازرگانیان بەهەموو لایەكەوە پەیوەست بێت.
راشیگەیاند: پشتیوانی لە ئابوری سەوز دەكەین كە خۆی لە كشتوكاڵ و گەشتوگوزار پیشەسازی دەبینێتەوە تا هەناردەكردن زیادبكەین و پشت بەكەرتی نەوت نەبەستین.
بەهار کونجلی، کە یەکێک لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵەکەیە، دەڵێت: لە حەڤدە شاری تورکیاوە کۆمپانیای جۆراوجۆرمان بۆ ئەم کۆڕبەندە هاتووە، کە کۆمپانیاو کارخانەی تایبەت بە خۆراک، کشتوکاڵ، هۆتێل، گەشتیاری، چاپخانە، بیناسازی، وزە….هەد لەخۆدەگرێت.
وتیشی؛ ئاستی بەدەمەوە هاتن و پێشوازیمان شۆکهێنەر بوو، لێتانی ناشارمەوە بەشێک لەوەبەرهێنەران و خاوەنکارەکانمان ترسیان لەهاتن بۆ عێراق هەبوو، بەڵام ئەمڕۆ ئارامی و بەرقەراری و ئاسایشمان لەگەڵ میواندارییەکی جوان بینی.